سەربڕین - کوشتن لە ئیسلامدا

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-18-03:16:00 - کۆدی بابەت: 4603
سەربڕین - کوشتن لە ئیسلامدا
حوکمە شەرعییەکان

سەربڕین - کوشتن لە ئیسلامدا ، باسی سەربڕین - کوشتن ، ئینسکلۆپیدیای زانیاری

ناوه‌ڕۆك

باسی سەربڕین - کوشتن

سەربڕینی ئاژەڵ و باڵندە دروستە بە هەر شتێکی بڕندە بێ و گۆشت ببڕێ وەکو دار بەرد ئاسن شووشە تەنها سەربڕین بە ددان دروست نییە بە نینۆکیش دروست نییە (عن رافع بن خدیج -رضي الله عنه-: عن النبی ﷺ: ماأنهر الدم وذکر اسل الله علیه فکل لیس السن الظفر) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی هەر شتێک خوێن بڕژێنێ و (بسم الله)ـی لەسەر گوترا بیخۆ بەڵام خوێندڕێژەکە ددان و نینۆک نەبێ ئەگەر بە دەست سەری بڕا یان بە گوللەی تفەنگ یان بە کێردێکی نەبڕ سەری لێکردەوە ئەوە مردار ئەبێ و حەڵاڵ نییە.

گوتنی (بسم الله) لە کاتی کوشتنەوەدا سوننەتە و واجب نییە واتە بەبێ (بسم الله) کردن کوژراوەکە هەر حەڵاڵە هەروەها سوننەتە سەربڕاوەکە ڕوو لە قیبلە بکرێ و لەسەر تەنیشتی چەپە درێژ بکرێ و بە دەستی چەپە سەری بگرێ و ڕاستە سەری ببڕدرێ هەروەها سوننەتە کێردەکەی زۆر تیژ و بڕندە بێ ئینجا کە (سۆریچک) و (قرتاکە)ـی بە تەواوی بڕین، با وازی لێبێنێ و سەری لێنەکاتەوە تا گیانی دەرئەچێ.

حەڵاڵە دەستکوژی گشت موسوڵمانێک جا پیاو بێ یان ئافرەت بێ یان منداڵ بێ یان شێت بێ هەروەها حەڵاڵە دەستکوژی کافری خاوەن کیتاب، وەکو جولەکە و دیان، خوای گەورە فەرموویەتی (وَطَعَامُ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ حِلٌّ لَّكُمْ) دەستکوژی خاوەن کیتابەکان بۆ ئێوە حەڵاڵە بەڵام بەو مەرجە دەستکوژەکەیان حەڵاڵە کە بزاندرێ باپیرەی پێشوویان پێش گۆڕانی ئایینەکە و پێش ڕەشبوونەوەی ئایینەکە، چونەتە ناو ئەو ئایینە بەڵام حەڵاڵ نییە دەستکوژی ئاگرپەرست هەروەها حەڵاڵ نییە دەستکوژی بت پەرست و کافرەکانی تر و ئەو موسوڵمانەی بووەتە کافر.

کوشتنەوەی بێچووی ناو زگی ئاژەڵ بە سەربڕینی دایکیەتی واتە ئەگەر ئاژەڵەکە سەر بڕاو و بێچووەکەی لەناو زگیدا مرد بێچووەکەش حەڵاڵە (عن أبی سعید الخدری -رضي الله عنه-: قال النبی ﷺ: ذكاة الجنین ذکاة أمة) رواه أحمد مەگەر بێچووەکە لە دوای سەربڕینی دایکی هەر زیندوو بێ ئەو کاتە واجبە ئەویش سەر ببڕێ ئەگەر لەدوای سەربڕینی دایکی نەمرد و لە ناو زگیدا هەر ئەجووڵایەوە ئەبێ بە زووترین کات بیهێننە دەرەوە و سەری ببڕن ئەگینا حەڵاڵ نابێ.

هەر پارچەیەک لە ئاژەڵی زیندوو یان لە باڵندەی زیندوو ببڕدرێ لێی بکرێتەوە ئەو پارچەیەیش مردارە، چونکە لاشەکە سەر نەبڕاوە تەنها پەڕ و خوری و موو مردار نییە (عن أبی واقداللیثی -رضي الله عنه-: قدم النبی ﷺ المدینة، وهم یجبون أسنمة الإبل ویقطعون ألیات الغنم، فقال ما قطع من البهیمة وهي حیة فهی میتة) رواه أبوداود، پێغەمبەر هاتە مەدینە و خەڵکی مەدینە قەپۆزی ووشتر و دونگی مەڕیان لێئەکردەوە و ئەیانخوارد، ئەویش فەرمووی هەر پارچەیەک لە ئاژەڵی زیندوو بکرێتەوە، پارچەکە مردارە، هەر پارچەیەک لە ماسی زیندوو بکرێتەوە حەڵاڵە، چونکە سەربڕینی بۆ دانەندراوە.


سەرچاوەکان



1188 بینین